ڕۆژی جیهانی ژینگە لە ژیر دروشمی ( من لەگەڵ سروشت دڵخۆش دەبم ) 5.6.2017

ئەمڕۆ جیهان بە گشتی ڕوبەڕوی کێشە و ئاڵۆزی زۆر جۆراوجۆر بووەتەوە و چۆنیەتی دابینکردنی ئارامی بۆ تەواوی بوونەوەری سەر گۆی زەوی کەوتووەتە ژێر پرسیارەوە، یەکێك لەو کێشە و گرفتانەش تێکچونی ژینگەی جیهانە بە هۆی باڵادەستی مرۆڤ و ڕەچاونەکردنی کاردانەوەی بواری پیشەسازی و بەکاربردنی نادادپەروەرانەی داهات و سامانی گشتی لە جیهاندا و هاتنەکایەوەی ناهاوسەنگی لە پێکهاتە زینبەخشەکانی هەوا و شێواندنی ئەتمۆسفێری گۆی زەوی کە بووەتە هۆی قەتیسبوونی گەرما و تێکدانی سیستەمی ئیکۆلۆژی هەموو بوونەوەر، جگە لە پیسبوونی ئاوی دەریا و ئوقیانوس و لافاو و زریان و سوتانی دارستان و توانەوەی بەستەڵەکەکان و وشکەساڵی و گەلێ کاردانەوەی دیکە کە سەقامگیری ژیانی زیندەوەری شێواندووە.
لە کۆنفڕانسی ژینگەی ساڵی ١٩٧٢ ی پرۆگرامەکانی دەستەی ژینگەی نیو نەتەوەیەکگرتووەکان لە ستۆکهۆڵم، شارەزا و پسپۆڕ و لایەنە پەوەندیدارەکانی ئەم بوارە، بۆ بەردەوامیدان بە کارکردن و هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی ئەو هاوسەنگیە، ڕۆژی ٥/٦ ی وەکو ڕۆژی ژینگەی جیهان دیاری کرد، تا ساڵانە بتوانن بەردەوام کاریگەریان لەسەر وشیاربوونەوەی خەڵك هەبێت و سنوورێك بۆ تاڵانکردنی سامانی گشتی دابنرێت، چ بە وزەی سەوز و چ بە زیادکردنی توانای بەرهەمهێنان، کە مرۆڤ بتوانێ بەبێ ترس و دڵەڕاوکێ لە هەڵگەڕانەوەی سروشت گوزەران بکات.
هەوڵدان و بەدواداچوونە نێودەوڵەتیەکان، بۆ فەراهەمکردنی ژینگەیەکی تەندروست بەردەوامە و بەردەوام دەبن، دوا کۆنفڕانسی کەشوهەوا لە پاریس و ڕێکەوتنامە ستراتیژیە گرنگەکەی، باشترین بەڵگەی هاوپشتی و هاوکاری نێوان وڵاتە پیشەسازی و وڵاتە بوژاوەکان و وڵاتە هەژارەکان بوو، کە ویستی ڕۆڵی ئابووری کلاسیك لە بواری پیشەسازیدا کەمبکاتەوە، بەڵام پەشیمان بوونەوەی ئەمریکا لەم ڕێکەوتنە دوبارە ئەگەری پاراستنی ژینگەی خستە ژێر گومانەوە، چونکە ئەمریکا و چین بە هەردوو وڵات بەڕێژەی ٣٩% ی ڕێژەی هەموو گازە زیانبەخشاکانی هەوا بەشدارن، وە کاتێك بڕیاڕەکانی کۆنفڕانسی پاریس دەچێتە میانەی جێبەجێکردنەوە، کە ٥٥ وڵات ئەو ڕێکەوتنامەیە پەسەند بکەن کە بەشدار بن لە دەردانی ٥٥% ی ئەو گازە زیانبەخشانەی دەبنە هۆی گەرمبوونەوەی گلۆبالی گۆی زەوی.
دروشمی ئەم ساڵی ڕۆژی ژینگە بریتیە لە ( من لەگەڵ ژینگە و سروشت دڵخۆش دەبم )، بەڵام کاتێ ژینگە دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی و دڵخۆشی، کە پەیڕوەی بەرنامەیەکی تەندروست بکات و لە خزمەتی جەماوەر و دانیشتوانی ئەو شوێنەدا بێت، لە بستە خاکێکی وەکو کوردستان بەو هەموو داهاتەوە خەڵك ناچاری پەنابردن بێت بە سوتاندنی دار بۆ خۆگەرمکردنەوە یا بوونی پاشەڕۆ و دوکەڵی سێکتەری وزە و ڕێگاوبان و هاتوچۆ و کەمی ڕوبەری سەوز و جەنجاڵی نیو شارەکان و نزمی ئاستی وشیاری بەگشتی لە بەفیڕۆدانی ئاو و مامەڵەکردنی نەشیاو لەگەڵ ژینگەی دەوروبەر و کەمتەرخەمی دەسەڵات و هەست نەکردن بە لێپرسراوی بەرامبەر ئەو داهاتە کە هەیە و قۆڕخکردنی بژێوی و گەڵێ هۆکاری دیکە کە زیاتر دەبنە مایەی نیگەرانی لە جیاتی ئەوەی ببنە مایەی دڵخۆشی بۆ دانیشتوان، لە ڕۆژی ژینگەی ئەمساڵدا ئێمە جەخت لەسەر پابەندبوونی دەسەڵات بە مەرجەکانی پاراستنی ژینگە و خۆشگوزەرانی خەڵك و مامەڵەکردنێکی شەفافانە بە سامانی سروشتیەوە دەکەین، جەخت لەسەر ئەوە دەکەین کە پاراستنی ژینگە بەرنامە و بڕوا و سیاسەتە دەبێ لە پێناو ئیستا و ئایندە و نەوەکانی پاش خۆمان پەیڕەو بکرێ، دەبێ سنوورێك هەبێ بۆ ئەو دەستدرێژیەی دەکرێتە سەر قوتی خەڵکی ئاسایی و دوکەڵ و خاشاکەکەی بەردەکەوێ، بۆیە بەداخەوە دروشمی ئەم ساڵی ڕۆژی ژینگەی جیهانی ناتوانێ سنووری کوردستانی باشور بگرێتەوە، پاراستنی ژینگە پیویستی بە زانست و زانیاری تەکنەلۆژیایە، پێویستی بە چوونە نێو دونیایەکی کراوەی زانستیە، کە لە باشوردا هێشتا چەکەرەی نەکردووە.
پارتی سەوزی کوردستان
ڕێکخراوی سەوزی ئەوروپی - کوردستانی

الإعلان العالمي لحقوق الإنسان

دستور اقليم كردستان باللغة الكردية

دستور اقليم كردستان باللغة العربية