ڕۆژهەڵاتی کوردستان ساڵانێکە کە بووە بە مەکۆی تێکهاڵانی نیشتیمانپەروەری و ژینگە دۆستی.

عبدالله حجاب

ڕۆژی ۳ی خەرمانی ٢٠١٨ لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی مەریوان دوو ژینگەپارێز بە ناوەکانی شەریف باجوەر و ئومێد کۆنەپۆشی ژیانیان لەدەستدا و دواتر ئەو رۆژە وەک رۆژی شەهیدانی ژینگە ناسێندرا. لەو کاتەوە هەموو ساڵێک تێکۆشەرانی نەتەوەکەمان لە یەکەم ساتەکانی سەرهەڵدانی کارەساتێکی ژینگەیی، ژیانی ئاساییان ڕادەگرن و بە هەموو تواناکانیانەوە دەکەونە سەنگەری بەرگری کردن لە ژینگەی نیشتیمانەوە.

ئەو ساڵیش هەمان ڕووداوو هەمان کارەسات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دووپات بووەوە.

لە ڕاستیدا دیسانەوە ژینگەپارێزانی کوردستان سەلماندیان کە هەر ئەوان خەباتگێڕانی دڵسۆزی ئاشتی، ئاوەدانی، ئازادی و کۆمەڵگایەکن کە نەتەوەی ئازاد و نیشتیمانی ئاوەدان لێک جیا ناکەنەوە. لەم ڕوانگەیە و بە ئیمان بەو ڕاستییە بوو کە ئەمجارەش ژینگەپارێزەکانی ڕۆژهەڵات بە ئەمەگترین ڕۆڵەکانیان کردە قوربانیی سروشتی وڵات و لە کاتی کوژاندنەوەی ئاگری دارستانەکانی کوردستاندا دوبارە قوربانییان دا.

بە کوژانەوەی مۆمی ژیانی هەر ژینگەپارێزێک، ئاگر لە جەستەی نیشتیمان و کزە لە جەرگی نەتەوە هەڵدەستێ.

شەهید ئەو جارەی ژینگە، کاک حەمید مورادی، بەڕێوبەری دامەزراوەی ژینگەپارێزی «شنەی نەوژین» یەکێک لەو پێشەنگانە فیداکارانەی کۆمەڵگای کوردستان بوو کە گیان خۆی کردە فیدای ئاوەدانی و پاراستنی سروشتی نیشتیمان.

بەرپرسی سەرەکیی گیان بەختکردنی کاک حەمید و هاوڕێیانی هاوخەباتی، تەنیا و تەنیا دەسەڵاتی نابەرپرسی کۆماری دژ بە کوردی ئیسلامیی ئێرانە.

وەڵامێک بنووسە

پۆستی ئەلیکترۆنییەکەت بڵاوناکرێتەوە. خانە پێویستەکان دەستنیشانکراون بە *