لە پەراوێزی بەشداریی لە کۆڕێکدا لە کۆریای باشوور، د. هەندرێن ئەشرەف نعمان، سکرتێری گشتیی پارتی سەوزەکانی کوردستان، لە ڕێکەوتی 11ی حوزەیرانی 2023 چەند دیدار و کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ نوێنەر و شاندە سەوزە بەشداربووەکانی کۆڕەکە لە کۆت دیڤوار (ساحلی عاج) و قیرغیزستان ئەنجامدا.
د. هەندرێن ئەشرەف نعمان لەگەڵ Rose Kone، سەرۆکی دامەزرێنەری پارتی سەوزەکانی کۆت دیڤوار (Rassemblement des Verts Ivoiriens – RAVI)، و شاندی هاوڕێی کۆبووەوە. لە دیدارەکەدا بیروڕا لەسەر پرسە ژینگەییەکان، ڕۆڵی پارتە سەوزەکان لە پاراستنی ژینگە و پەرەپێدانی بەردەوام، هەروەها گرنگیی پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لەنێوان هێز و بزووتنەوە سەوزەکانی جیهاندا گۆڕدرایەوە.
هەروەها د. هەندرێن ئەشرەف نعمان لەگەڵ Erkin Bulekbaev، نوێنەری پەیمانگای ئۆمبۆدزمانی ژینگەیی لە کۆماری قیرغیزستان، و شاندی هاوڕێی دیداری کرد. لە کۆبوونەوەکەدا ژمارەیەک بابەتی جێی بایەخی هاوبەش تاوتوێ کران، بە تایبەتی پرسە ژینگەییەکان و ڕێگاکانی بەهێزکردنی هاوکاری، پەیوەندی و ئاڵوگۆڕی ئەزموون و شارەزایی.
ئەم دیدارانە دەرفەتێک بوون بۆ ناساندنی ئەزموون و دیدگای پارتی سەوزەکانی کوردستان لە بواری پاراستنی ژینگە، هەروەها فراوانکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ کەسایەتی، دامەزراوە و بزووتنەوە سەوزەکان لە ئاستی نێودەوڵەتیدا.
ئەم کۆبوونەوانە بەشێک بوون لە چالاکییەکانی سکرتێری گشتیی پارتی سەوزى کوردستان لە ماوەی سەردانەکەی بۆ کۆریای باشوور و بەشداریی لە کۆڕەکەدا، بە مەبەستی بەهێزکردنی گفتوگۆ و هاوکاریی نێودەوڵەتی لەسەر پرسەکانی ژینگە، گۆڕانی کەشوهەوا و پەرەپێدانی بەردەوام.
11ی حوزەیرانی 2023 – کۆریای باشوور
